ڕوسیا لە یادی ٢٠ ساڵەی هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق داوای كۆبوونەوەیەكی داخراو دەكات

بەبۆنەی ٢٠ ساڵەی لەشكركێشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق، ڕووسیا داوای كۆبونەوەیەكی داخراوی لە  ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، هەرەوەها ٢٠ ساڵ پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەو كاتی ئەمریكا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندبوو، كە چەكی كیمیایی لە عێراق دۆزراوەتەوە، لەڕاستیدا زانیارییەكان دروست نەبوون.

دیمتری بۆلیانسكی، نوێنەری هەمیشەی ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە تێلگرامی خۆی بڵاویكردوەتەوە، ٢٠ی ئازار بیستەمین ساڵیادی لەشكركێشی ئەمریكایە بۆ سەر عێراق، لەو ساڵیادەدا داوای كۆبوونەوەیەكی داخراوی لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، كە تیایدا پشتبەسترا بەدرۆیەكی ناڕەوا لە ئەنجومەنی ئاسایش، كاتێك كۆڵن پاوڵ وەزیری دەرەوە ئەمریكا بانگەشەی بوونی چەكی كیمیایی لە عێراق كرد، لەڕاستیدا زانیارییەكان دروست نەبوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە لەكۆبوونەوەكەدا باس لە دەرئەنجامە كارەساتبارەكانی لەشكركێشی بۆ سەر عێراق و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بكرێت، كە تا ئێستا برینەكان چاكنەبوونەتەوە، كە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بوو.

لەكۆتایدا نوێنەری هەمیشەی ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش وتیشی، پێم ناخۆشە لەم بەروارە خەمناكەدا لەگەڵ ئەمریكییەكان ئاهەنگ بگێڕین، بەڵكو پێویستە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، ئەم پرسە تاوتوێ بكەن و دواتر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامەكەی بخەنەڕوو.

جێگای ئاماژەیە، ٢٠ی ئازاری ساڵی ٢٠٠٣ هێزەكانی ئەمریكا بەبیانووی بوونی چەكی كۆمەڵكوژی لەلایەن ڕژێمی پێشوەوە، هێرشی كردە سەر عێراق و دوای ٣٥ ساڵ مانەوە لەسەر دەسەڵات ڕژێمی بەعس بە سەرۆكاییەتی سەدام حسێن لەدەسەڵات دوورخرایەوە، دواتریش لە پرۆسەیەکى دادگاییکردنێکى درێژخایەندا سزای لە سێدارەدانى بۆ دەرچوو لە ٣٠ی ١٢ی ٢٠٠٦ لە سێدارە درا.

هـ.ئ

Comments are closed.